تكايه بيروڕاي خۆتان له‌م پۆسته‌دا بنووسن.
خولیای نووسین

|
|
ته‌نیا له كاتی نووسیندا ده‌خوڵقێ، نه پێشتر و نه دواتر، ته‌نیا له كاتی نووسیندا ده‌خوڵقێ. ده‌كرێ هه‌زاران ئه‌زموونت ببێ، ده‌كرێ هه‌زار گه‌لێڵه داڕێژی و تێكیده‌ی و سه‌رله‌نوێ دایڕێژیته‌وه، به‌لێم ده‌بێ بزانی كه نـووسـراوه ته‌نیا له كاتی نووسیندا ده‌خوڵقێ. نه پێشتر و نه دواتر. یانی له كاتی نووسیندا ئه‌زموون تووشی گۆڕان ده‌بێ. گه‌لێڵه له‌به‌ریه‌ك ده‌چێ، ئه‌و ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ی كه به‌ر له نووسین له لات پیرۆز بوو، دزێو و بێڕه‌نگ و ته‌نانه‌ت له‌نێوچوو دێته به‌ر چاوت. ژیانێكت هه‌یه و قه‌ڵه‌مێك و هێندێ كاغه‌ز، ژیان هه‌ر ئه‌وه‌یه كه به هۆی قه‌ڵه‌مه‌وه له سه‌ر كاغه‌ز وه گه‌ڕ ده‌كه‌وێ. ئه‌وه‌ی به‌ر له نووسین ژیاوه و ئه‌وه‌ی دوای نووسین دێته ژیانه‌وه هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌و ژیانه‌وه نییه. پڕژ و بلێوه و وڕێنه‌یه‌كی پووچه و وه‌كوو ڕاواندن وایه. ته‌نیا ئه‌و ژیانه، ژیانه. كه به هۆی قه‌ڵه‌مه‌وه دێته سه‌ر كاغه‌ز. ئه‌گه‌ر نووسین ئامانجێكی هه‌بێ، هه‌ر له‌و مه‌ودایه‌ی نێوان قه‌ڵه‌م و كاغه‌زدایه. ئه‌گه‌ر ئاواتێكی هه‌بێ، ئه‌گه‌ر بیهه‌وێ گۆڕانكارییه‌ك له جیهاندا وه‌دی بێنێ، ئه‌گه‌ر بیهه‌وێ سیستمێك له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شێنێ و سیستمێكی تر له جێگای دانێ، هه‌ر له مه‌ودای نێوان قه‌ڵه‌م و كاغه‌زدا وه‌دیی دێنێ.
بۆ وه‌رگرتني سه‌رجه‌مي ئه‌و كتێبه لێره كرته بكه
جێگای به‌تاڵی سلووچ

ده‌وڵه‌ت‌ئابادی خۆی ده‌ڵێ: ئێمه چیرۆكنووسانی ئێرانیی به‌ره‌ی دووهه‌م (1920-1970) هه‌موو له تاریكخانه‌ی سادقی هیدایه‌ته‌وه هاتووینه‌ته ده‌رێ. بزوورگی عه‌له‌وی، ده‌وڵه‌ت‌ئابادی، هووشه‌نگی گوڵشیری، ئه‌حمه‌دی مه‌حموود و... ئه‌و نووسه‌رانه‌ن كه پاش سادقی هیدایه‌ت هه‌ر كامه‌یان به شێوه‌یه‌ك، له ژێر كاریگه‌ری ئه‌ودان و هه‌ر كامێكیان لایه‌نێكی كاری چیرۆكی ئه‌ویان درێژه پێداوه. ده‌وڵه‌ت‌ئابادی لایه‌نی زمانی چیرۆكی گرتووه و به تێڕوانین و ئاوڕدانه‌وه له زمانی ده‌قه كۆنینه‌كانی ئێرانی وه‌ك "مێژویی به‌یهه‌قی" و زمانه شێعرییه‌كه‌ی "عه‌تتار" و خۆراسانی كۆن، توانیی ببێته خاوه‌نی زمانی تایبه‌ت و شێوازێكی گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌ت به خۆی له چیرۆك‌نووسیی فارسی‌دا. به وته‌ی زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گران و توێژه‌رانی چیرۆك، ده‌وڵه‌ت‌ئابادی باشترین نووسه‌ری ئێرانییه كه توانیویه‌تی ئه‌ده‌بی لادێیی بنووسێ.
رۆمانی "ڕۆژگای به‌سه‌رچووی خه‌ڵكانی به‌ساڵداچوو" ئه‌گه‌رچی ڕۆمانێكی شارییه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه وه‌ك ڕۆمانی "كه‌لیده‌ر" و "جێگای به‌تاڵی سلووچ" له نێو دڵی جه‌ماوه‌ری خوێنده‌واردا جێ بكاته‌وه.
پێكه‌وه ڕۆمانی "جێگای به‌تاڵی سلووچ" ده‌خوێنینه‌وه. به‌و هیوایه‌ی توانیبێتم ئه‌مانه‌تداریم تێدا كردبێت و كورداندبێتم.
ئه‌م ڕۆمانه جگه له‌وه‌ی له‌باری تكنیكی و هونه‌ری ڕۆمان‌نووسییه‌وه زۆر به‌رزه، له‌گه‌ڵ ژیانی هه‌ژارانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیشدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه. زۆربه‌ی ئازاره‌كانی مرۆڤی له دڵی خۆیدا جێ كردۆته‌وه. هه‌ر بۆیه بڕیارم دا ئه‌م ڕۆمانه وه‌رگێڕمه‌وه.
وه‌رگێڕ
بۆ وه‌ررگرتني سه‌رجه‌مي ئه‌و كتێبه لێره كرته بكه

كه‌ی ده‌كا شه‌رح و به‌یاناتی ڕمووزی ده‌ردی دڵ / ڕووڕه‌شی هه‌روه‌ك ده‌وات و دووزبانی وه‌ك قه‌ڵه‌م
"نالی"
دۆستۆیۆڤسكی له 21ی سێپتامبری 1880 نامه‌یه‌ك بۆ شاعیر و ڕه‌خنه‌گری ئیسلاو، ئیوان ئاكساكۆف ده‌نووسێ و له‌و نامه‌یه‌دا ده‌ڵێ: "بڕوام پێ بكه زۆر سه‌رقاڵم و ته‌نانه‌ت فریای سه‌ر خوراندن ناكه‌وم. شه‌و و ڕۆژ خه‌ریكم و ده‌مهه‌وێ ڕۆمانی برایانی كارامازۆف ته‌واو كه‌م. سه‌رله‌به‌ری چیرۆكه‌كه له زه‌ینی خۆمدا دێنم و ده‌به‌م و هه‌ڵیده‌سه‌نگێنم. ئه‌و به‌رهه‌مه به لامه‌وه زۆر گرینگ و به‌نرخه، چونكه به‌شێكی زۆر گه‌وره له ڕۆحی خۆمم له‌وێدا گونجاندووه."
منیش دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆمانه مه‌زن و فه‌لسه‌فی و ڕه‌وانناسی و كۆمه‌ڵناسییه و له سه‌ریه‌ك ژیانناسییه، بڕیارم دا وهریگێڕمهوه. دوای بیر كردنه‌وه و خۆ هه‌ڵكوشین و زۆره‌بانی له‌گه‌ڵ هه‌ست و توانایی خۆم، قۆڵم لێ هه‌ڵماڵی و ده‌ستم كرد به وه‌رگێڕانی.
پێشتر وه‌رگێڕانه‌كه‌ی "ڕامینی موسته‌قیم"م خوێندبۆوه و به‌ڕاستی شوێنی له سه‌ر ڕۆح و هه‌ستم دانابوو. هه‌ر ئه‌و كاته له دڵی خۆمدا گوتم بریا وه‌رگێڕدرایه‌ته سه‌ر زمانی كوردی و خوێنه‌ری كوردیش چێژی له‌و ڕۆمانه گرینگ و هونه‌راوییه وه‌رگرتایه. به‌ڵام ئه‌و كات به بیریشمدا نه‌ده‌هات خۆم وهریگێڕمهوه. چه‌ند ساڵ دواتر وه‌رگێڕانه‌كه‌ی "موشفیقی هه‌مه‌دانی"شم خوێندوه‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی دیكه خولیای ئه‌و ڕۆمانه بووم، به‌ڵام هه‌رچه‌ندی بیرم لێ ده‌كرده‌وه، نه‌مده‌زانی چۆن خۆ له قه‌ره‌ی ده‌م و وهریگێڕمهوه. بیرم ده‌كرده‌وه: ئه‌وه گریمان وه‌رم‌گێڕایه‌وه، چۆنی چاپ كه‌م؟ چاپی ڕۆمانێكی دووبه‌رگی و گه‌وره‌ی ئاوا كوا له توانایی مندایه و ده‌مزانی هیچ كه‌سێك و هیچ چاپخانه‌یه‌ك له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان خه‌رجی ماڵییه‌كه‌ی وه‌ئه‌ستۆ ناگرێ. بۆیه له بڕیاره‌كه‌م پاشگه‌ز ده‌بوومه‌وه و دڵ‌سارد و هیوابڕاو، ناچار ده‌بوو ئه‌و تاسه و ئاواته له ناخی خۆمدا بنێژم.
به‌ڵامم خوا ده‌رووی ڕووناكی بۆ كردمه‌وه و ترووسكه‌ی هیوا له باشووری كوردستانه‌وه به‌ره‌و ڕۆحم داڕژا و هیوابارانی كردم. ئاگادار كرام كه "ده‌زگای توێژینه‌وه و بڵاو كردنه‌وه‌ی موكوریانی" له هه‌ولێری دێرین، گرینگییه‌كی ته‌واو به‌و به‌رهه‌مانه ده‌دا و چاپی ده‌كا. بۆیه وه‌رگێڕانه‌كه‌ی "عینایه‌تی شه‌كیباپوور"یشم خوێنده‌وه، به‌ڵام ئه‌و زۆر شوێنی ڕۆمانه‌كه‌ی هه‌ڵپه‌ڕتاوتبوو. پاشان وه‌رگێڕانه‌كه‌ی "ساڵح حوسێنی"م خوێنده‌وه و وه‌ك سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕانه‌كه دامنا و پێم‌وایه له هه‌ر سێ وه‌رگێڕانه‌كه‌ی دیكه به‌هێزتر و ئه‌مانه‌تدارتره. هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی وتاره به‌ناوبانگه‌كه‌ی "سۆمه‌رێست موام" له سه‌ر برایانی كارامازۆف كه له كتێبی "سه‌باره‌ت به ڕۆمان و كورته چیرۆك"دایه زیاتری له‌گه‌ڵ دۆستۆیۆڤسكی و به‌رهه‌مه‌كانی ئاشنا كردم.
شیاوی باسه هیچ كام له‌و چوار وه‌رگێڕانه بۆ سه‌ر زمانی فارسی له زمانی سه‌ره‌كی، واته ڕووسییه‌وه نه‌كراون و هه‌موویان له ئینگلیزییه‌وه وه‌ریان‌گێڕاوه‌ته‌وه. به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه شیرینی و جوانكاری و ورده‌كاریی دۆستۆیۆڤسكی هه‌روا به‌رچاوه، به‌ڵام دووریش نییه زۆر له جوانی و ورده‌كارییه‌كانی له قه‌ڵه‌م كه‌وتبێ.
من بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌و شاكاره جیهانییه ئه‌گه‌رچی وه‌رگێڕانه‌كه‌ی "ساڵح حوسێنی"م كرده بنه‌ما، به‌ڵام له زۆر شوێندا كه‌ڵكم له وه‌رگێڕانی "موشفیق هه‌مه‌دانی" و "ڕامینی موسته‌قیم"یش وه‌رگرتووه. هیوادارم توانیبێتم وه‌رگێڕێكی ئه‌مانه‌تدار بم و ئه‌گه‌ر چه‌وتی و لاڕێ بوونێكیش له كاره‌كه‌مدا بوو، خاوه‌ن‌ڕایان به گه‌وره‌یی خۆیان بمبوورن و هه‌ڵه و په‌ڵه‌م بۆ ڕاست بكه‌نه‌وه.
له كۆتاییدا زۆر سپاسی بنه‌ماڵه‌ی شاسه‌نه‌م (محه‌مه‌دئه‌مین، ڕه‌حیم و مریه‌م) ده‌كه‌م كه بۆ پیتچنینی ئه‌م كتێبه هه‌وڵێكی زۆریان داوه.
"وه‌رگێڕی كوردی"
بۆ وه‌ررگرتني سه‌رجه‌مي ئه‌و كتێبه لێره كرته بكه

روونكردنه‌وه‌یه‌ك
ئیمڕۆ پێداویستیی ناسین و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بیانی، یان به زاراوه په‌سندتره‌كه‌ی، ئه‌ده‌بی جیهانی له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی كه‌ره‌سه‌كانی پێوه‌ندی و باوبوونی تێكه‌لآوی كولتووری و كه‌وتنه سه‌ر زاری ده‌سته‌واژه‌ی گوندی جیهانی و گفتگۆی شارستانییه‌ته‌كان ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ زێتر ده‌بێته ئه‌سڵێكی حاشاهه‌ڵنه‌گر و نیازێكی ده‌ستاو به‌جێی ئه‌ده‌بیاتی گه‌لان.
داهێنانی ئه‌ده‌بی خۆماڵی، جیا له خه‌سڵه‌تی پێوه‌ندیی نێوان ده‌قی ئه‌ده‌بیات، به بێ‌شاره‌زا بوون له ئه‌ده‌بی بیانی ئه‌گه‌ر كارێكی نامومكینیش نه‌بێت لانی كه‌م هه‌وڵێكی نه‌زۆك و ناسه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و كه‌ڵكی داهێنانی له‌م ده‌سته كه له پاشه‌كه‌وت و ده‌سكه‌وتی ئه‌ده‌بی جیهانی بێ‌به‌ش و بێ‌به‌ری بێت كه‌م مه‌ودا و كورت خایه‌نه. له‌بۆیه ئه‌ده‌بی كوردی كه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا و به تایبه‌تی پاش ڕاپه‌ڕینی مه‌زنی كوردستانی باشوور، پشووی هاته‌وه سه‌رخۆ و ڕێگای بۆ خۆش بوو كار بكات و سڵ نه‌كات، ده‌شێ ئاگای له‌م پێداویستییه گرینگه بێت و بۆ به‌جێ‌هێنانی ئه‌م ئه‌ركه ئه‌سته‌مه و پڕ كردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییه به‌رچاوه له سه‌ر ده‌ستی بزاڤی وه‌رگێڕان و خوێندنه‌وه و ناسین و پیداچوونه‌وه‌ی شوێنه‌واری ئه‌ده‌بی جیهانی ئه‌و خه‌ونه‌ی كه هه‌ر ئه‌ده‌بێكی خه‌مخۆری مرۆڤ به گشتی و خه‌ڵكانی كۆمه‌ڵگای خۆی به‌تایبه‌ت ده‌یبینێ وه‌دی بێنێ: خه‌ونی یه‌كگرتنه‌وه‌ی مرۆڤانی گۆی زه‌وی له سه‌ر ده‌ستی ئازادی و به‌رامبه‌ری و خۆشه‌ویستی و مرۆڤایه‌تی، ئه‌و خه‌ونه‌ی كه نالی سه‌دوپه‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ مرۆڤی ده‌ڤه‌ری خۆی و سه‌رله‌به‌ری جیهان ده‌یگێڕێته‌وه:
به‌عزه ئینسانێ هه‌یه خه‌م قووتییه/ من خه‌می خۆم و خه‌می عاله‌م ده‌خۆم
گه‌رچی ئه‌م بزاڤه وه‌رگێڕانه‌ی كه هه‌نووكه له كوردستاندا هه‌یه له ئاست و ئه‌ندازه‌ی دڵخوازدا نییه و مۆته‌كه‌ی زۆری و بۆری و شه‌وه‌ی نابه‌رپرسایه‌تی و جندۆكه‌ی نه‌زانی و نه‌زۆكی خۆیان لێ مات داوین و ده‌وره‌یان داوین و بۆسه‌یان بۆ ناوینه‌ته‌وه و ددانمان لێ چیڕ ده‌كه‌نه‌وه كه مه‌یدانی وه‌رگێڕانی كوردیمان لێ داگیر بكه‌ن، به‌لآم دیسان هه‌ندێ قه‌ڵه‌می دڵسۆز و ده‌سپاك و مێشك‌پڕ و چاوكراوه له ناوه‌ندی مه‌یدانه‌كه‌دا ماون و دنه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ده‌ده‌ن كه ماندوویی نه‌ناس بن و كاری پتر بكه‌ن و هه‌وڵی ئازایانه بده‌ن و كۆڵ نه‌ده‌ن و گۆڕه‌پانی خۆ تاقیكردنه‌وه چۆڵ نه‌كه‌ن.
وه‌رگێڕان ئیمڕۆ له حوكمی كاری دیپلۆماسی ئه‌ده‌بیاتی كوردی دایه و گه‌ر له ئه‌ركی به‌دیهێنانی ئه‌م پێوه‌ندییه كولتوورییه‌دا سه‌رنه‌كه‌وین نه جیهان له خه‌ون و خولیای ئه‌ده‌بیی خۆمان ده‌گه‌یه‌نین، نه خۆمان له ئاوات و ئاره‌زووی ئه‌ده‌بیی گه‌لانی دنیا تێده‌گه‌ین. جه‌وهه‌ری ئه‌ده‌ب و سروشتی داهێنانی ئه‌ده‌بی به چه‌شنێكه كه ده‌شێ ده‌ستاوده‌ست ولآتانی جیهان بگه‌ڕێ تا هه‌ر ده‌ڤه‌رێك و ده‌سكه‌وتی خۆی لێ‌هه‌ڵێنجێ. با شه‌رمی وه‌لآمی ئه‌م پرسیاره نه‌مانكوژێ كه ئێمه، گه‌لی كورد و ڕۆشنبیرانی كورد، تا چه‌نده له‌م جه‌وهه‌ره‌ی ئه‌ده‌ب گه‌یشتووین و به‌م چاوه‌وه له ئه‌ده‌ب ده‌ڕوانین. من به‌ش به حاڵی خۆم پێم وایه تا ئه‌و ڕۆژه‌ی كولتووری كوردی چاوی به ده‌قی شانۆیی و شێعره‌كانی شكسپێر به زمانی كوردی هه‌ڵنه‌یات ده‌بێ هه‌میشه گومانیش له‌وه بكات كه نالی و خانی و مه‌وله‌وی و گۆران و شێركۆـ شی باش خوێندۆته‌وه و باشیان لێ تێگه‌یشتووه. خوێندنه‌وه‌ی نالی و شكسپێر پێكه‌وه به زمانی كوردی ئه‌و ساته پیرۆزه‌یه كه من به ئومێدی ئه‌و چركه‌ساته دڵ به ژیانی ئه‌ده‌بیم خۆش ده‌كه‌م و هه‌وڵی وه‌ده‌سهێنانی ده‌ده‌م.
كۆمه‌ڵه چیرۆكی «ته‌پڵی ئاور» كه به قه‌ڵه‌می وه‌رگێڕی كارامه و كوردی‌زان كاك «ئه‌مین گه‌ردیگلانی» وه‌رگێڕدراوه، هه‌وڵێكه له پێناوی ئه‌و باسوخواسانه‌ی هێنامانه ئاراوه و هیوادارم كه‌ڵێنێكی كتێبخانه‌ی كوردی پێ پڕ بێته‌وه.
عه‌بدولخالق یه‌عقووبی ـ بۆكان
پووشپه‌ڕی 1384 ـ جولای 2005
بۆ وه‌ررگرتني سه‌رجه‌مي ئه‌و كتێبه لێره كرته بكه

وته‌یه‌ك
بیژه‌ن نه‌جدی چیرۆكنووسی ناسراوی فارس له چیرۆك‌نووسین و شێعر هۆنینه‌وه‌دا پڕكار و پشوودرێژ بوو، به‌لآم له بلآوكردنه‌وه‌دا زۆر كه‌مته‌رخه‌م بوو. ئه‌و هه‌ر ئه‌و ده چیرۆكه بلآوكراوه‌ی كتێبی (ئه‌و پڵینگانه‌ی پێ‌به‌پێی من هه‌لآتوون)ی به‌س بوو كه ئه‌ده‌بیاتی فارس شانازیی پێوه بكات و ڕێزی بۆ دانێ.
بیژه‌ن نه‌جدی چیرۆكنووسێكی وردبین و ناسك‌خه‌یاڵه و شێوازی تایبه‌ت به خۆی له چیرۆكدا هه‌یه. هه‌ر ئه‌م شێوه نووسین و خه‌یاڵه شێعراوییه‌كانی بووه هۆی ئه‌وه‌ی ده‌س بده‌مه وه‌رگێڕانی ئه‌م كتێبه به‌نرخه‌ی به ناوی (دیسان له‌و شه‌قامانه‌وه). به‌و هیوایه‌ی توانیبێتم چیرۆكی نه‌جدی به خوێنه‌ری كورد بناسێنم. دڵنیاشم هه‌ركه‌سێ چیرۆكی بیژه‌ن نه‌جدی بخوێنێته‌وه، تا هه‌تایه ده‌بێته ئاشق و لایه‌نگری ئه‌و شێواز و زمانه نوێیه‌ی چیرۆك.
بیژه‌ن نه‌جدی ساڵی 1940 له دایك بووه و ساڵی 1996 كۆچی دوایی كرد.
وه‌رگێڕ
بۆ وه‌ررگرتني سه‌رجه‌مي ئه‌و كتێبه لێره كرته بكه
مه‌رگه‌خه‌ون
دیسان بۆ هاوڕێی خۆشه‌ویستم:
محه‌ممه‌دئه‌مین شاسه‌نه‌م
شه‌و ره‌گی داده‌كوتێ زامی به‌یان سۆڵه‌ی دێ
به هه‌نیسكی سڕه‌وه سێبه‌ری شاخ بۆڵه‌ی دێ؛
كه‌ڵپه‌یه‌ك كاسه سه‌ری ئاوه‌زی داده‌كورۆژێ
كه‌چی جه‌سته‌ی له‌قی ئه‌و داوه‌ڵه كرمۆڵه‌ی دێ،
چه‌تری داخێكی هه‌ناسه‌ی ته‌مه‌نی هه‌ڵداوه و
سه‌ری به‌رداوه‌ته‌وه و ئاوری بزه‌ی كۆڵه‌ی دێ.
له به‌ری باخی وته‌ی مه‌ستی ده‌مانكا پاراو
قه‌ولی زۆر داوینێ ئه‌و سواره كڕ و زۆڵه‌ی دێ:
شار و دێ داده‌گرێ بۆنی هه‌ناسه‌ی رسكان
خۆری ژین دێت و شنه‌ی ئه‌و قژ و برژۆڵه‌ی دێ؛
رووپه‌ڕی سنگی له به‌ر رێژنه بزه‌ی هیواتان
راده‌خا،
كاتێ گڕی ئه‌شق و ژیان شۆڵه‌ی دێ!
ره‌شه‌با دێت و له به‌ر پێی گوڵی خوێن داچێنن
پایه‌نازی دڵ و چاوتان بكه‌ن، ئه‌و خۆڵه‌ی دێ!
قوڕی هه‌ر كوێیه گوتم، زوو له گلێنه‌ی هه‌ڵسوون
چاوی روونتان ده‌بێ، بۆ دیتنی ئه‌و رۆڵه‌ی دێ.
o
ره‌وه‌یه‌ك تاژیی به دووی سێبه‌ری خۆیدا هێنا و
هاته سه‌ر مێشك و دڵی له‌ت له‌ت و پڕپۆڵه‌ی دێ
په‌تی دووكه‌ڵ له ملی شاری ده‌خا و،
بۆنی مه‌رگ
ده‌گرێ ئه‌وكی هه‌موو ئه‌م باخ و چیا و دۆڵه‌ی دێ.
تا ئه‌به‌د مێژوو له گوێیدا ده‌بێ قیژه و زیڕه
شه‌و، تكه‌ی خوێنی مناڵانه له بابۆڵه‌ی دێ.
جاڕی ئیشتیای چه‌ره‌خۆران له په‌ڵه‌ش ده‌رچوو، كه‌چی
ره‌نج به‌بای بێ به‌شی مه، قۆڕه له ریخۆڵه‌ی دێ.
گولله ره‌گ داده‌كوتێ و خۆری به‌یان هه‌ڵنایه
شه‌و ره‌گی داده‌كوتێ و زامی ژیان سۆڵه‌ی دێ.
زستانی 1381 ـ بۆكان
بۆ وه‌ررگرتني سه‌رجه‌مي ئه‌و كتێبه لێره كرته بكه
شه‌وه‌ژانی ئه‌ستێره يه‌ك
رێبوار
بۆ هاوڕێم: محه‌ممه‌د ئه‌مین شاسه‌نه‌م
نایه‌ڵێ ژانی ژیان، تاوێ له دنیا وه‌حه‌سێم
چاوه‌ڕێی سێبه‌ری مه‌رگم كه له بنیا وه‌حه‌سێم
من له دووی ژوانی مه‌رگ وا شه‌كه‌ت و ئاواره‌م
دێم له نێو باوه‌شی ئارام و ئه‌منیا وه‌حه‌سێم
دڵ هه‌موو پڕ له رقن، بۆیه له ژین بێزارم
دێم و باكم نیه، به‌ڵكوو ته‌ك و ته‌نیا وه‌حه‌سێم
دووره ئاسۆگی ئه‌وین و شه‌به‌قم لێ بزره
هه‌ر ده‌ڕۆم، تا له هه‌واری دڵی ونیا وه‌حه‌سێم
رێگه رژد و هه‌ڵه‌ته، لێمی بڕی هێز و بڕست
ماومه‌وه، رێ ببڕم، بێمه‌وه من، یا وه‌حه‌سێم؟!
چاوه‌بڕكێنه له گه‌ڵ رۆحم ئه‌كا شۆخی مه‌رگ
تاوه‌كوو بچم و له زه‌نوێری به‌ژنیا وه‌حه‌سێم
شه‌رته قه‌ت ده‌س له به‌رۆی گه‌رم و گوڕی هه‌ڵنه‌گرم
با له پاوانی دڵی سه‌وز و مه‌زنیا وه‌حه‌سێم
بۆ وه‌ررگرتني سه‌رجه‌مي ئه‌و كتێبه لێره كرته بكه
تاپۆي وه‌رزێكي سه‌وز
دڵم خنكا له نێو گێژاوی خه‌مدا بۆ به‌جێت هێشتم؟
روحت بردم، له‌شی سه‌ردم به جێ‌ما بۆ به‌جێت هێشتم؟
بزه‌ی مانگه شه‌ویش تۆرا له هۆده‌ی سه‌رد و تاریكم
له نێو ئه‌م گۆڕه‌دا جه‌سته‌م پڕووكا، بۆ به‌جێت هێشتم؟
له ژێر هه‌نگاوی شه‌وبادا گه‌ڵای ویشك كه خشپه‌ی دێ
ده‌له‌رزم، داده‌خورپێ دڵ، له‌گه‌ڵیا، بۆ به‌جێت هێشتم؟
له‌ترپه‌ی پێت ده‌چێ وا شه‌و ده‌هاتی ده‌ست له ئه‌ستۆم كه‌ی
دڵم ته‌نگه ـ گوڵم ـ ئه‌مشه‌و به ته‌نیا بۆ به‌جێت هێشتم؟
گوڵم، بێ تۆ له‌شی سه‌رده‌م وه‌كوو بابرده‌ڵه و پووشه
كه باهۆزی مه‌رگ دێ رۆژێ ده‌مبا بۆ به‌جێت هێشتم؟
خه‌زه‌ڵوه‌ری 1371 هه‌تاوی
بۆ وه‌ررگرتني سه‌رجه‌مي ئه‌و كتێبه لێره كرته بكه
دیمانه‌یه‌ك له گه‌ڵ ئه‌مین گه‌ردیگلانی
ئاماده كردنی: جه‌ماڵ نه‌جاڕی (بۆكان)
بۆ یه‌كه‌م پرسیار تكایه بفه‌رموون شیعری ئه‌مڕۆ چ شیعرێكه و ئێوه شیعری ئه‌مڕۆ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
شیعر زمانی سه‌رده‌می خۆیه‌تی، هاواری زه‌وی و دار و گیا و به‌رد و شاخ و مرۆڤ و ته‌واوی بێ گیان و گیان له‌به‌رانه له ده‌ست جه‌بری زه‌مان.
شیعری ئه‌مڕۆ ئه‌و شیعره زه‌لیل و قوڕبه‌سه‌ر و كه‌له‌لایه نییه بكڕووزێته‌وه و فرمێسك هه‌ڵوه‌رێنێ و سوجده و كڕنۆش بۆ چاو و برۆ و خه‌ت و خاڵان به‌رێ و بڵیندگۆیه‌ك بێ بۆ ده‌ربڕینی زه‌لاله‌ت و بێ ده‌سه‌ڵاتی و له گیانه‌ڵڵادا بوونی شاعیره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی‌یان پێیدا بێ و لایه‌كی لێ بكه‌نه‌وه و ئاخێكی بۆ هه‌ڵكێشن و له گه‌ڵی بگرین. شیعری ئه‌مڕۆ برووسكه‌یه، ئاوێنه‌ی ڕاستییه‌كانی ژیانه، ده‌نگدانه‌وه و زایه‌ڵه‌ی ڕووخان و شكانی مرۆڤی سه‌رده‌مه، سه‌مای ئاواته‌كانیانه، سه‌مای برین و خوێن و ئاره‌ق و شادی و خه‌مه‌كانیانه. سه‌مای كاته، ڕه‌شبه‌ڵه‌كی وشه گه‌لێكی زیندووه، شیعری ئه‌مڕۆ ده‌سته‌ملانی هه‌موو وشه‌یه‌ك ده‌بێ و سنوور بۆ زمان دانانێ، وشه‌ی جوان و وشه‌ی ناحه‌ز له شیعری ئه‌مڕۆدا وه‌كوو یه‌ك وان و هه‌موو وشه‌یه‌ك ده‌توانێ ڕیساله‌تی خۆی له دنیای ماناكانی خۆیدا ئاوێته‌ی ڕۆحی شیعر بكات و هه‌ست به بوونی خۆی بكا.
شێعر، راز و ئاوات و ئامانجێكی ون و ئاشكرایه
ئاماده‌كردنی هادی حه‌بیبی (هاوڕێ)
پێشه‌كی
فرووغ فه‌ڕوخزاد له وتووێژێكدا ده‌ڵێ: من له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه نیم، به شێعر، كلاسیك و نوێ بگوترێ. ئه‌وه‌ی كه له شێعردا گرینگه ئه‌مڕۆیی بوونی شێعره. ئه‌وه ژیانی دوێنێی مرۆڤ له گه‌ڵ ئه‌مڕۆیه‌تی كه شێعری دوێنێ و ئه‌مڕۆ له یه‌ك جیا ده‌كاته‌وه، به‌م چه‌شنه له غه‌زه‌لێكدا ده‌كرێ مه‌به‌ست‌گه‌لێك بگوترێ، كه ئه‌مڕۆیی بێ و شێعرێكی زۆر تازه‌ش بێ، كه‌وابوو ئه‌وه‌ی گرینگه، مانا و ناوه‌رۆكی شێعره، نه‌ك فۆڕم وقاڵب. ئه‌خه‌وان سالسیش له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه ده‌كرێ شاعیر له قاڵبی چامه و غه‌زه‌لدا، شێعرێ بڵێ و ئه‌مڕۆیی و تازه‌ش بێ. له روانگه‌ی ئه‌خه‌وانه‌وه قاڵبی شێعری بۆ كه‌سانێ گرینگه كه هه‌موو شتێكیان قاڵبییه.
مه‌به‌ستم له‌م ئاماژانه، ئه‌وه بوو كه بڵێم غه‌زه‌ل ئێستاش هه‌ر زیندووه و زیندوو ده‌مێنێ و به‌م زووانه قسه‌ی لێ نابڕێ. وا نییه كه هه‌ر نووسراوه‌یه‌ك به غه‌زه‌ل بكوترێ، كۆن بێ. ئه‌مڕۆ له ئه‌ده‌بی فارس و كورددا شه‌پۆلێكی تازه‌گه‌ری له غه‌زه‌لدا زۆر به‌رچاوه. له فارسه‌كاندا سیمین بێهبه‌هانی و قه‌زوه و قه‌یسه‌ر ئه‌مین‌پوور و به‌همه‌نی و... غه‌زه‌ل به شێوه‌یه‌كی تازه و ئه‌وڕۆیی ده‌نووسنه‌وه. له ئه‌ده‌بی كوردیشدا من به ڕای خۆم ئه‌و تازه‌گه‌رییه له زۆربه‌ی غه‌زه‌له‌كانی «ئه‌مین گه‌ردیگلانی» و هێندێك له غه‌زه‌له‌كانی «ئاسۆ» و «بۆران»دا به‌رچاوه. شاعیرانێكی دیكه‌ش به‌م شێوه‌یه خه‌ریكی تازه‌گه‌رین له غه‌زه‌لدا كه عه‌زیز ناسری و ره‌سووڵ سوڵتانی و ئه‌مجه‌د وه‌یسی و... ده‌توانین ناو به‌رین. كه‌وابوو هه‌ر نووسراوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر ره‌نگ و بۆنی ئه‌مڕۆیی به‌سه‌ره‌وه بێ له جێی خۆیدا جێی رێزه، چونكه شێعر و هونه‌ر به گشتی گڕنه‌یه‌كه بۆ پێشڕه‌وتی كۆمه‌ڵگه و هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه ئه‌و كه‌سه‌یه كه ژان و ره‌نجی زه‌مانه‌ی خۆی له شێعر و هونه‌ره‌كه‌یدا ره‌نگ بداته‌وه و ره‌نگ و به‌رامه‌یه‌كی تازه‌ی پێ‌بدا. به بۆنه‌ی ئه‌م تازه‌گه‌رییه له غه‌زه‌لدا وتووێژێكی تایبه‌تیمان له‌گه‌ڵ ئه‌مین گه‌ردیگلانی پێك‌هێناوه و هێندێك له‌و باره‌وه وه‌ده‌نگی دێنینشیعر ته‌قینه‌وه‌ی وشه‌یه له زماندا
دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌مین گه‌ردیگلانی
ئاماده كردنی: مادیح عه‌له‌وی‌جانی و جه‌هانگیر كه‌سنه‌زانی
* سه‌ره‌تا داواتان لێ‌ده‌كه‌ین خۆتان به خوێنه‌رانی ڤه‌ژین بناسێنن!
* من ساڵی 1349 له ئاوایی گه‌ردیگلان سه‌ربه شاری سه‌قز له بنه‌ماڵه‌یه‌كی جووتیار له‌دایك بووم. خوێندنی سه‌ره‌تاییم له‌وگونده ده‌ست‌پێكرد و هه‌تا پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تاییم خوێند و ماوه‌یه‌ك به‌هۆی نه‌بوونی مامۆستای قوتابخانه و هه‌روه‌ها گرفتاری و كار و شوانی نه‌متوانی له‌وه زیاتر بخوێنم. ساڵی 1362 ماڵمان چووه شاری بۆكان و له‌وێش ناردیانم بۆ شاگرد خه‌یاتی. هه‌موو ساڵێكیش هه‌ر له به‌هاره‌وه هه‌تا پایز ده‌چووینه كووره‌خانه، زستانانه‌ش خه‌یاتی.
ترووسكه‌ی ڕه‌سه‌نی زمان له قه‌ڵه‌می مامۆستا مــــه‌لا عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌دیاندا
زمانی كوردی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به درێژایی مێژوو له ژێر زه‌بروزه‌نگی بێگاناندا بووه و هیچ ده‌سه‌ڵاتێك هه‌ل و مه‌ودای گه‌شانه‌وه‌ی پێ نه‌داوه و ته‌نانه‌ت هه‌تا ئه‌و جێیه‌ی بۆیان كرابێ بۆ تاواندنه‌وه و سڕینه‌وه‌شی هه‌وڵیان داوه و ده‌یان پیلان و ده‌هۆیان بۆ داڕشتووه، به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه له ڕه‌وت و گه‌شانه‌وه نه‌كه‌وتووه و هه‌ر زمانێكی دیكه بوایه به جێی ئه‌و، ئێستا ئاسه‌واری نه‌مابوو. ئه‌مڕۆش ئه‌گه‌رچی زمانی كوردی تا ڕاده‌یه‌ك له بره‌ودایه و كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی پێ بڵاو ده‌كرێته‌وه و چه‌ن كه‌ناڵی ته‌له‌ویزیۆنیشی هه‌یه، به‌ڵام زیاتر له هه‌موو كاتێ كه‌وتۆته مه‌ترسییه‌وه و ئاوا بڕواته پێشێ به ده‌ستی خۆمان ته‌ور له ڕیشه‌ی ده‌ده‌ین و له نێوی ده‌به‌ین. به داخه‌وه زۆربه‌ی نووسه‌ران و ئه‌دیبانی ئه‌مڕۆی كورد له‌گه‌ڵ زمانه‌كه‌ی خۆیان نامۆن و بۆ دۆزینه‌وه‌ی وشه‌یه‌كی په‌تیی كوردی و داتاشینی وشه حه‌فتا كه‌ل‌وكون ده‌پشكنن و هه‌ر كه‌س به كه‌یفی خۆی وشه و ده‌سته‌واژه داده‌تاشێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به لایانه‌وه گرینگ نییه و هه‌ر به خه‌یاڵیشیاندا نایه ڕێزمانه رێزمان سه‌رچاوه‌ی زمانه و هه‌ر زمانێك ڕێزمانی تایبه‌ت به خۆی نه‌بێ و پێڕه‌وی له‌و ڕێزمانه نه‌كرێ تێدا ده‌چێ. ئه‌گه‌رچی خاوه‌نی ملوێنان وشه‌ی په‌تی و تایبه‌ت به خۆشی بێ. بۆ وێنه زمانی فارسی ده‌توانین بڵێین هه‌شتا له سه‌دی وشه‌كانی، عه‌ره‌بی و زمانه‌كانی دیكه‌یه، به‌ڵام چونكه خاوه‌نی ڕێزمانێكی تایبه‌ت به خۆیه‌تی ئێستا یه‌كێ له زمانه ده‌وڵه‌مه‌ند و زیندووه‌كانی جیهانه.
«كاریگه‌ریی ئافره‌تان له‌سه‌ر زمانی زگماكی»
دایكی زانایه كوڕی ئازا ده‌نێرێته خه‌بات
من كوتم تۆش تێ‌بگه ناگاته زه‌ریایه زنه
«هێمن»
هه‌موو میرات و به‌شه‌ماڵ و هه‌قێك له‌لایه‌ن باوه‌كه‌وه‌یه، كه‌چی سه‌ره‌كیترین و بنه‌ڕه‌تیترین مڵكێك كه زمانه، له‌لایه‌ن دایكه‌وه به مرۆڤ ده‌گات. یه‌كه‌م شت كه منداڵ دوای پشكووتنی زمانی فێری ده‌بێ (زمانی دایكه). چونكه دایك له هه‌مووكه‌س نزیكتره و پێوه‌ندییه‌كی مه‌زنی ڕۆحی له‌نێوان منداڵ و دایك‌دا هه‌یه و سروشتییه منداڵ یه‌كه‌م‌وشه له دایكه‌وه فێر ده‌بێ. كه‌وایه ده‌توانین بێژین دایك گه‌وره‌ترین و به‌رچاوترین ڕۆڵی له گه‌شه‌ی زماندا هه‌یه و ئافره‌ت سه‌رچاوه‌ی زمانه.